بە ناوی خودای گەورە و میھرەبان

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧/١٠/٢٠١٨ رێكخراوە خوێندكاریی و قوتابییەكان بە ئامادەبوونی سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سكرتاریەتی رێكخراوەكان لە شاری ھەولێر كۆبوونەوە بە مەبەستی تاوتوێكردنی گرفتەكانی سیستەمی وەرگرتنی قوتابییان لە زانكۆ و پەیمانگەكان، دوای گەنگەشەكردنی چەند تەوەرێك گەشتنە ئەم بڕیارانە:

١. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێداچوونەوەی تەواو بكات بە ناوی سەرجەم ئەو قوتابی و خوێندكارانەی وەرگیراون یان وەرنەگیراون و سەرجەم قوتابییان و خوێندكاران مافی سكاڵایان ھەبێ و سكاڵاكانیشیان بە ھەند وەربگیرێت.
٢. بەو پێیەی ئامادەسازی بۆ نەكراوە و جیاوازییەكی زۆری درووست كردووە، بڕیاری رێژەی ٧٠٪‏ بە ٣٠٪‏ بۆ دەرچووانی خولی یەكەم و دووەم بگۆڕدرێت و لە بری ئەوە جیاوازی نێوان دەرچووانی خولی یەكەم و دووەم لە (٣) نمرەی تێكڕا زیاتر نەبێت.
٣. داواكارین لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەو (١٦٠٠٠) كورسییەی زیاد دەكرێت بۆ وەرگرتن لە زانكۆكان، بە شێوازێكی دادپەروەرانە دابەش بكرێت بەسەر خوازیاراندا بە رەچاوكردنی ئەو تێبینییانە لەسەر سیستەمەكە بوونیان ھەیە.
٤. پێویستە مافی دابەزاندن ھەبێت بۆ وەرگیراوان بە سیستەمی (كریدیت) بە رەچاوكردنی كەمترین كۆنمرەی وەرگیراو.

ھاوكات داواكارین وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەم داواكارییانە بە ھەند وەربگرێت و كار بكات بۆ چارەسەری گرفتی ھەزاران قوتابی و ئێمەش لە رێكخراوەكانی قوتابییان و خوێندكاران پشتگیری ھەر جۆرە داواكاری و فشارێكی مەدەنی دەكەین پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و گەڕاندنەوەی مافی قوتابییان و خوێندكاران.

لە كۆتاییدا خوازیارین لەم خولەی پەرلەمانی كوردستانیشدا كار بكرێت بۆ دەرچواندنی یاسایەكی تایبەت بە سیستەمی وەرگرتن، و ھەماھەنگی نێوان وەزارەتەكانی (پەروەردە و فێركردن) و (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی) تۆكمەتر بكرێت.

یەكێتی قوتابیانی كوردستان
كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان
رێكخراوی قوتابیانی كوردستان
رێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان
رێكخراوی قوتابیانی چاكسازی توركمان